Friday, 20 February 2009
Thursday, 12 February 2009
مه‌ته‌ڵه‌که‌ی ئه‌لبه‌رت ئه‌نشتاین

هێزی موگناتیسی له‌سه‌ر مانگ؟

شیکارکردنه‌وه‌یه‌کی نوێی به‌ردی سه‌ر مانگ ئاشکرای ده‌کات، که مانگ پێش 4.2 ملیارد ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌به‌رده‌وام توانای موگناتیسی هه‌بووه. ئه‌و توانایه‌ش پێیده‌چێت مانگ به‌هۆی شله‌مه‌نییه‌کی ناووه‌کی په‌یدایکردبێت، که ئه‌وه‌ش هه‌مان شێوه‌ی ناووه‌کی زه‌وییه.
"Ian Garrick-Bethell" و هاوه‌ڵه‌کانی له "Massachusetts Institute of Technology" پاش پشکنینی کۆنترین پارچه‌یه‌کی تاشه به‌ردی مانگ به‌م ئه‌نجامه نوێیه گه‌یشتوون. ئه‌و تاشه به‌رده‌ی شیکارکراویش دواتر به‌هۆی به‌رکه‌وتنی ته‌نه به‌ردییه‌کان نه‌گۆڕاوه.
تا ئێستا هه‌موو ئه‌و به‌ردانه‌ی ئه‌سترۆناوته‌کان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ سه‌ر زه‌وی هێناویانه‌ته‌وه، توانای موگناتیسییان هه‌بووه. تا ئێستا توێژه‌ران له‌و باوه‌ڕه‌دابوون، که به‌رده‌کانی سه‌ر مانگ توانای موگناتیسییان له ئاکامی به‌رکه‌وتنی ته‌نه به‌ردییه‌کانه‌وه وه‌رگرت بێت. به‌ڵام پشکنینه نوێیه‌کانی "Ian Garrick-Bethell" و هاوه‌ڵه‌کانی ئه‌نجامه‌کانی نوێ ده‌رده‌خه‌ن: جاران پێش چوار ملیارد ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ژێر توێکڵی مانگدا ماگمای کانزایی هه‌ڵقوڵاوه. کاتێك به‌رده‌کان کات دوای کات ساردبوونه‌وه‌یان به‌سه‌ردا هاتووه، تواناییه‌کی موگناتیسییان تێدا به‌جێماوه.
زاناکان بۆ سه‌لماندنی پشکنینه‌کانیان پشتیان به پاشماوه‌ی دۆزینه‌وه‌کانیان به‌ست. له "NASA" به‌ردێکی ناسراو به‌ناوی "Troctolite 76535" هه‌یه، که گه‌وره‌ییه‌کی هێنده‌ی تۆپێکی تێنس ده‌بێت و ساڵی 1971دا "Apollo 17" له‌سه‌ر مانگه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ زه‌وی هێنای. به‌پێی ئه‌نجامه‌کانی پشکنین ده‌رده‌که‌وێت، که به‌ردی ناوبراو له ئاکامی ساردبوونه‌وه‌ی ماگما له‌ماوه‌ی چه‌ند ملیۆن ساڵێكدا دروستبووه. له‌و کاته‌شدا کێڵگه‌یه‌کی موگناتیسی سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه بینیووه.
توێژه‌ران له لاپه‌ڕه‌ی 356ی به‌رگی 323ی گۆڤاری " Science"دا ده‌نووسن، که کاتی خۆی به‌هێزی موگناتیسی ئه‌و به‌رده‌ی سه‌ر مانگیش گه‌یشتبوویه "1 µT" (یه‌ك میکرۆتێسلا) و به‌و جۆره‌ش 50 جار له هێزی موگناتیسی زه‌وی لاوازتر بووه.
له‌ژێر تیشکی ئه‌م زانیارییه نوێیه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، که مانگیش پێش چه‌ند ملیارد ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ناووه‌کی هه‌بووه، وه‌ك چۆن ئێستا زه‌وی هه‌یه‌تی.
به‌ردی شیکارکراو پێش 4.2 ملیارد ساڵ له ناووه‌که‌وه بۆ سه‌ر مانگ ڕۆیشتووه، که پێشتر 10 هه‌زار ساڵی بۆ ساردبوونه‌وه پێویستبووه و هێزی موگناتیسی سه‌رله‌نوێ جێشووینی له‌پاش خۆیدا به‌جێهێشتووه. ئه‌و به‌رده‌ش له‌و ساته به‌دواوه چوار ملیارد ساڵ به‌ئارامی ماوه‌ته‌وه، تا ئه‌و ساته‌ی ئه‌سترۆناوته‌کان بۆ سه‌ر زه‌وی هێناویانه‌ته‌وه
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان: پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌وی له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه

بۆ یه‌كه‌م جار دو مانگی ده‌ستكرد له بۆشایی ئاسماندا خۆیان به یه‌كدا كێشا
Thursday, February 12, 2009
بۆ یه‌كه‌م جار دو مانگی ده‌ستكرد له بۆشایی ئاسماندا خۆیان به یه‌كدا كێشا
(سبه‌ی):دو مانگی ده‌ستكردی ئه‌مه‌ریكی و روسی له بۆشایی ئاسماندا خۆیان به‌یه‌كدا كێشا، كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م روداوی له‌و جۆره‌یه له مێژوی گه‌ردوندا.ئاژانسی(ناسا)ی فه‌زائی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: مانگێكی ده‌ستكردی سه‌ر به كۆمپانیای ئیریدیۆمی ئه‌مه‌ریكی به خێرایی 780 كیلۆمه‌تر له سه‌عاتێكدا خۆی كێشاوه به مانگێكی ده‌ستكردی روسی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ی خۆی له سه‌ر ئاسمانی سیبریا.هاوكات ئاژانسی (رۆسكۆمۆس)ی فه‌زائی روسیا رایگه‌یاند: مانگێكی ده‌ستكردی روسی، كه له ساڵی 1993دا به‌ره‌و بۆشایی ئاسمان هه‌ڵدراوه و قورساییه‌كه‌ی نزیكه‌ی ته‌نێك ده‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی له خولگه‌كه‌ی خۆی چۆته ده‌ره‌وه، خۆی كێشاوه به مانگێكی ده‌ستكردی دیكه‌دا.سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له‌سه‌ر زاری ئه‌لیكسه‌نده‌ر فۆرۆبیڤ وته‌بێژی ئاژانسه فه‌زائییه‌كه‌ی روسیا بڵاویانكرده‌وه: ئه‌و مانگه ده‌ستكرده‌ی روسیا پێشتر ته‌نها به‌مه‌به‌ستی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی بۆشایی ئاسمان كرابو، بۆیه ئاژانسه‌كه‌مان لێی به‌رپرسیار نییه.له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی كه ئه‌و مانگه ده‌ستكرده روسییه له خولگه‌كه‌ی خۆی ده‌رچوه، ناوبراو هیچ زانیارییه‌كی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه و وتی: له داهاتودا لێكۆڵینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه ئه‌نجامده‌ده‌ین.جێی ئاماژه‌یه له ئێستادا به هه‌زاران مانگی ده‌ستكرد له بۆشایی ئاسماندا هه‌ن كه به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێنه‌وه، به‌لام ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مین جاره روداوی پێكدادانی دو مانگی ده‌ستكرد روبدات.ئاژانسی ناسا بڵاویكرده‌وه: به‌رده‌وام چاودێری ئه‌و روداوه ده‌كات و خوازیشه سه‌رجه‌م پارچه‌كانی ئه‌و دو مانگه ده‌ستكرده له كاتی به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌رگه‌هه‌وای زه‌وی ببنه پارچه ئاگر.هاوكات له ئێستادا مه‌ترسی ئه‌وه به‌دی ده‌كرێت له باره‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی پارچه‌كانی ئه‌و دو مانگه ده‌ستكرده له بۆشایی ئاسماندا و به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بنكه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی كه به به‌رزی 435 كیلۆمه‌تر به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه، به‌لام ئاژانسی ناسا دوپاتیكرده‌وه: ئه‌و روداوه نابێته هۆی زیانگه‌یاندن به ئاژانسی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی كه له ئێستادا سێ كه‌شتیه‌وانی ئاسمانی تێدایه.له‌لایه‌كی تره‌وه ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌یتدپرێس له‌سه‌ر زاری نیكۆلاس جۆنسۆن وته‌بێژی ناوه‌ندی جۆنسۆن بۆ بۆشایی ئاسمان بڵاویكرده‌وه: ئه‌و پێكدادانه مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌لسكۆبی هابڵ و ئه‌و مانگه ده‌ستكردانه دروستكردوه كه ئه‌ركیان چاودێریكردنی زه‌وییه.